راچڵەكین-
زیانە گیانی و مادییەكانی شەپۆلی باران و لافاوەكەی هەفتەی رابردووی هەرێمی كوردستان و كەركوك لەلایەن ناوەندی هاوبەشیی هەماهەنگیی قەیرانەكان بڵاوكرایەوە.
بەگوێرەی ئاماری ناوەندەكە بێت، پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار ماڵیش زیانیان بەركەوتووە.
ناوەندی هاوبەشیی هەماهەنگیی قەیرانەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عیراق دەڵێت، بەهۆی لافاوەكەی هەفتەی ڕابردوو، دوو كەس لەچەمچەماڵ، دوو كەس لە كەركووك و یەكێكیش لە گەرمیان گیانیان لەدەستداوە، هاوكات 19 كەس برینداربوون و، كەسێكیش كە ئەندازیارە و بەڕەچەڵەك عەرەبە، لەرۆژی لافاوەكەوە لە سنووری بازیان بێسەروشوێنە.
لەبارەی زیانە ماددیەكانیش ئەوە ڕوونكراوەتەوە، لە هەرێمی كوردستان و كەركووك دوو هەزار و 376 ماڵ زیانیان بەركەوتووە( 600 ماڵ لە چەمچەماڵ و 600 ماڵ لە شۆڕش و 400 ماڵ لە تەكیە، 435 ماڵ لە كەركووك و 167 ماڵ لە گەرمیان، لە هەولێر 20 ماڵ و لە هەڵەبجەش شەش ماڵ، لە سۆران چوار و لە ڕاپەڕینیش پێنج ماڵ).
هاوكات، 546 ئۆتۆمبێل زیانیان بەركەوتووە، زۆرینەی لە سنووری چەمچەماڵ بوون، هەروەها 132 دوكان و ماركێت، 118 باخ و كێڵگەی كشتوكاڵی لافاو زیانی پێگەیاندوون، بە هەمانشێوە 580 پرۆژە زیانیان بەركەوتووە، زۆرینەیان لە پارێزگای سلێمانی بە دیاریكراویش چەمچەماڵ بووە و 20پرۆژەش لە هەولێر بووە.
لە بارەی ئەو زیانانەی بەر سامانی ئاژەڵ كەوتوون، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكان ئاشكرای كردووە: زیاتر لە 379 هەزار ماسی و 13 هەزار و 256 مریشك و قەل، هەشت مانگا و 144 سەر مەڕ و بزن، لەگەڵ شەش هەنگ و 67 كۆتر و 76 قاز لەناوچوون.