راچڵەكین -
پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبای عیراق بە كارەبای وڵاتانی كەنداو لە قۆناغەكانی كۆتایی نزیكدەبێتەوەو بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبای عیراقیش ئاشكرادەكات، بە ئەگەرێكی زۆرەوە پڕۆژەكە لە نیوەی یەكەمی ساڵی داهاتوو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەو عیراق لە كێشەی كەمی وزەی كارەبا رزگاری دەبێت.
رۆژنامەی عەرەبی جەدید، لەسەر زاری ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق-ەوە بڵاویكردەوە، پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداو چەندین قۆناغی گرنگی بڕیوەو لەئێستادا 95%ی كارەكانی تەواو بووەو تیمەكانیش بەردەوامن بۆ تەواوكردنی وردەكارییەكانی دیكەی پڕۆژەكە.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق پڕۆژەكەی بە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی حكومەت وەسفكرد كە ئامانج لێی سەقامگیركردنی سیستمی كارەبای نیشتمانییە، وتیشی:" بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، پڕۆژەكە لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2026 تەواو دەبێت و بەستنەوەی كارەبای عیراق و وڵاتانی كەنداو دەكەوتە بواری جێبەجێكردنەوە".
عیراق ماوەی 20 ساڵە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و زۆربوونی خواست لەسەر بەكارهێنانی، دووچاری قەیرانێكی گەورە بووەتەوە و لەزۆربەی ناوچەكانی ئەو وڵاتە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان، بەڕادەیەكی زۆر كەمبووەتەوە.