هەسەدەو سوپای سوریا رێكەوتنێكی سەرەتایی ئەنجامدەدەن

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 85

راچڵەكین-

هێزەكانی سوریای دیموكرات و سوپای سوریا رێكەوتنێكی سەرەتایی ئەنجامدەدەن بۆ تێكەڵبوونی ژمارەیەك لیوای هەسەدە لەناو ڕیزەكانی سوپادا.

كۆمیتەی دانوستاندنی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هەژماری خۆی لە ئێكس سەبارەت بە دوا پێشهاتەكانی رێككەوتنی 10ی ئادار و دانوستاندنەكانی هەسەدە و حكومەتی سوریا بڵاویكردووەتەوە، "رێككەوتنێكی سەرەتایی كراوە بۆ مانەوەی سێ لیوای سەر بە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لەنێو پێكهاتەی سەربازیی سوپای سووریادا."
 
"گفتوگۆ تەكنیكییەكان لەرێگەی كۆمیتە پسپۆڕەكانی هەردوولاوە بەردەوامن بۆ تاوتوێكردنی وردەكارییەكانی تایبەت بە رۆڵ و پێكهاتەی رێكخستنی ئەو لیوایانە" وەك لەراگەیەندراوی كۆمیتەكەدا هاتووە.
 
كۆمیتەی دانوستاندنی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت:"ئەم رێچكەیە خاوەنی پشتیوانییەكی نێودەوڵەتیی روونە كە بەرەو چارەسەرێكی سیاسی لەسەر بنەمای گفتوگۆ دەڕوات."

رۆژی 10ی ئاداری 2025 رێككەوتننامەیەكی هەشت خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا واژۆ كرا. تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، كۆمیتەكانی بەڕێوەبردنی رێككەوتننامەكە، كار لەسەر جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكە دەكەن، بە شێوەیەك كە لە ساڵی 2025 تێنەپەڕێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن