راچڵەكین -
سوپای رووسیا لە پێشڕەوییەكانی بەرامبەر سوپای ئۆكراینا بەردەوامەو لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا دوو ناوچەی دیكەی لە كۆماری دۆنێتسك و هەرێمی سومی كۆنترۆڵ كرد، زیانە گیانییەكانی ئۆكرایناش بە نزیكەی هەزار و 300 سەرباز مەزەندە دەكرێت.
ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لە تەواوی بەرەكانی جەنگدا لە پێشڕەویی بەردەوامدان و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا شارۆچكەی دیكەیان لە كۆماری دۆنێتسك و هەرێمی سومی بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كرد.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانیان زەبرێكی گەورەیان لە سوپای ئۆكراینا وەشاندووە و جگە لە تێكشكاندنی دەیان تانك و زرێپۆش و سەدان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، هەزار و 298 سەربازی ئەو وڵاتەش كوژران و تەرمی زۆربەیان لە بەرەكانی جەنگ بەجێماوە.
بەردەوامیی پێشڕەوییەكانی سوپای رووسیا لە بەرەكانی جەنگ، هاوكاتە لەگەڵ چڕكردنەوەی هێرشە ئاسمانییەكان بۆسەر شارە گرنگەكانی ئۆكراینا، كە ژێرخانی وزە و كەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەو وڵاتە كراونەتە ئامانج و خاپوور كراون.