راچڵەكین -
بە هەوڵی پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكوەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر دابینكردنی 200 هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ دابەشكردنی بەبێ بەرامبەر بەسەر زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ.
دیلان غەفور، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند: وەك بەشێك لە ئەركی سەرشانمان بۆ بەدەمەوەچوونی زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ، هەر لە ڕۆژی ڕووداوەكەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر خەت بووین تا بتوانین خزمەتێك بەو خێزانانە بكەین كە زیانیان بەركەوتووە.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی كە رۆژی 14ی ئە مانگە نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كردبوو بۆ دابینكردنی نەوتی پێویست بەمەبەستی دابەشكردنی بەبێ بەرامبەر بەسەر ئەو خێزانانەی قەزای چەمچەماڵ كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە، ئاماژەی بەوەكردووە كە بە خۆشحاڵییەوە سەرەنجامی هەوڵەكانمان توانیمان رەزامەندی سەرۆكوەزیرانی عیراق وەربگرین بە پێدانی 100 لیتر نەوتی سپی بە بێبەرامبەر بە دوو هەزار خێزانی سنووری قەزای چەمچەماڵ كە بەهۆی لافاوەكەوە زیانیان بەركەوتووە.
دیلان غەفور راشیگەیاندووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پەیوەندیی بەردەوامداین تا بە زووترین كات نەوتەكە بگەیەنینە دەست ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ بە مەبەستی دابەشكردنی بەسەر خێزانە زیانلێكەوتووەكان.