وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
حكومەتی ئیسرائیل لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاگربەست لە غەززە، ژمارەیەك زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی ئازاد كرد و لەڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە گەیەندرانە كەرتی غەززە.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 21-12-2025، شەش زیندانیكراوی فەلەستینی كە لەكاتی هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە دەستگیركرابوون، ئازادكران و لەڕێگەی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە رەوانەی شاری دێرلبەلەح لە ناوەڕاستی كەرتی غەززە كران.
ئیسرائیل لەرۆژی 13ی مانگی رابردووەوە تائێستا، زیاتر لە هەزار و 700 زیندانیكراوی فەلەستینی ئازاد كردووە، ئەمەش لەچوارچێوەی پابەندبوونی حكومەتی تەلئەڤیڤ دێت بە بڕگەكانی رێككەوتی ئاگربەست لە كەرتی غەززە.
بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی كە بەشێكیان ژن و منداڵن و بە تاوانی جیاجیا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیركراون، لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە لە دۆخێكی ناهەمواری مرۆییدان.