وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا، لەچوارچێوەی بەهێزكردنی بنكە سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان، كاروانێكی دیكەی كەلوپەلی سەربازیی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكات كە ژمارەیەكی زۆر كەرەستەی پێشكەوتووی سەربازیی لەخۆدەگرێت.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 21-12-2025، فڕۆكەیكی بارهەڵگری سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە بنكەی سەربازیی شەدادی لە گوندەوارەكانی باشووری پارێزگای حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەوە.
فڕۆكە بارهەڵگرەكە چەندین جۆر چەك و كەرەستەی پێشكەوتووی سەربازی باركردبوو، لەوانە چەكی بەرگریی ئاسمانی و راداری پێشكەوتوو و كەلوپەلی نوێی لۆجستی.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا، لەڕێگەی ئاسمان و زەوییەوە دەیان كاروانی لۆجستیی و كەلوپەلی سەربازیی، رەوانەی بنكە سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان كردووە، هاوكات مانۆڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات زیاتر كردووە.