راچڵەكین-
بەڕێوەبەری بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ڕێژەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل، ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو زیادیكردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانوونی یەكەمی 2025 نەوزاد شێخ كامیل، ڕایگەیاند:" ئەمساڵ 932 كۆمپانیا مۆڵەتی بازرگانییان بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل وەرگرتووەو 183 هەزارو 885 ئۆتۆمبێل لەڕێی هەردوو فرۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی و هەر چوار دەروازەی نێودەوڵەتی (پەروێزخان، ئیبراهیم خەلیل، باشماخ و حاجی ئۆمەران)ەوە هاوردەی هەرێم كراون." وەك ڕادیۆ ترافیك ئێف ئێم بڵاویكردووەتەوە.
"18 مۆڵەت بۆ هێنانی 1870 ڕافیعەو دەڕاسە دراون و 294 مۆڵەت دراون بۆ ئۆتۆمبێلی كلاسیكو 28 مۆڵەتیش دراون بۆ هێنانی ماتۆڕسكیل بۆ هەرێمی كوردستان". نەوزاد شێخ كامیل وا دەڵێت.
بەڕێوەبەری بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕوونیكردەوە، لەساڵی 2024دا 928 مۆڵەت دراوە بەكۆمپانیاكان و 172 هەزارو 231 ئۆتۆمبێل هاوردەكراون.
بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لەمساڵدا زیادیكردوە، بەڵام بەووتەی نەوزاد شێخ كامیل:" مەرج نییە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەدەروازی فەرمییەكانەوە هاتونەتە هەرێم سەرجەمیان لێرە بمێننەوە، بەڵكو بەشێكیان دەبرێنە ناوەڕاستو باشووری عیراق".
هەر كۆمپانیایەك ئۆتۆمبێل هاوردە بكات دەبێت پابەندی مەرجو ڕێنماییەكان بێتو پێویستە ئۆتۆمبێلەكە بڕاوەو سووتاو ژێر ئاوكەوتوو نەبێتو لەهەمانكاتدا پێویستە ڕێژەی (%5) یەدەگی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەی كە هاوردەی دەكات بیهێندرێتە هەرێم.
هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل (2024) تا بەرواری (1/9/2026) ڕێگەپێدراوەو لەدوای ئەو بەروارەوە ڕێگە بەو مۆدێلە نادرێت بهێندرێتە هەرێمی كوردستان.