راچڵەكین-
هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكی چارەنووسساز ئەنجامدەدات بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عیراق.
كۆبوونەوەكە ئەمشەو لەماڵی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو بەئامادەبوونی تەواوی پێكهاتەكانی چوارچێوەكە ئەنجامدەدرێت.
كۆبوونەوەكە لەكاتێكدا دێت، تائێستا پَێكهاتەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران نەگەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن، لەكاتێكدا بڕیارە ڕۆژی 29ی 12ی 2025 یەكەم كۆبوونەوەی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت.
هەرچەندە لێرەو لەوێ باس لە چوار كاندید دەكرێت بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، بەڵام ئەوە ئاشكرایە دوو كاندیدی سەرەكی ململانێی یەكدی دەكەن بۆ ئەو پۆستە، ئەوانیش نوری مالیكی و محەممەد شیاع سودانی-ن، دوای ئەوانیش قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق وەك كاندیدی تەوافوقی زۆرترین چانسی هەیە.
رۆژی دووشەممە 21ی كانوونی یەكەم، هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، دەستپێشخەرییەكی نیشتمانیی گشتگیری بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكوەزیران راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا لەلایەن سودانی-ەوە دەخرێتەڕوو.