راچڵەكین-
بەرپرسانی ئیسرائیلی هۆشدارییان داوە بە ئیدارەی ئەمریكا، كە مانۆڕی مووشەكیی ئێران ڕەنگە ئامادەكاری بێت بۆ ئەگەری هێرشێك بۆ سەر تەلئەبیب.
سێ سەرچاوەی ئیسرائیلی و ئەمریكی كە ئاگاداری بابەتەكەن بە ماڵپەری ئەكسیۆس-یان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل پێشبینی دەكات ئێران هێرشی بكاتە سەر.
یەكێك لە سەرچاوەكان ئاماژەی بەوە كرد هەواڵگریی ئیسرائیل نزیكەی شەش هەفتە لەمەوبەر نیگەرانیی هاوشێوەی لە بارەی جووڵەی مووشەكییەكانی ئێران دەربڕیوە، بەڵام لەو كاتەدا هیچ پێشهاتێك ڕووی نەدا"ئەگەری هێرش لەلایەن ئێرانەوە لە خوار 50% یە بەڵام هیچ كەسێك نایەوێت بڵێت ئەمە تەنیا مانۆڕێكە".
لە لایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی ئەمریكی باسی لەوە كرد هەواڵگریی ئەمریكا لەم قۆناغەدا هیچ نیشانەیەكی بەدی نەكردووە كە ئاماژە بە هێرش بكات لەلایەن ئێران.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوە كرد، ئەگەری جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لەوانەیە بە هەڵە لێكدانەوەیەك دەستپێبكات، لە ئەنجامی ئەوەی هەردوو لایەن پێیان وایە ئەوی دیكە ئامادەكاری بۆ هێرش دەكات و هەنگاوی پێشگیری دەگرنەبەر.