راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سووربوونی خۆی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی دووپاتدەكاتەوەو راشیدەگەیەنێت: لەسەر ئەو بنەمایە دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەمان كراوەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-12-2025، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەدەباشان، كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی پرسەكانی پێكهێنانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانی تاوتوێكرا و پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، مەكتەبی سیاسی سووربوونی یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا؛ لەسەر ئەو بنەمایەش، یەكێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی كراوەیە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵیش، لە كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیدا، تەئكید كرایەوە لەوەی یەكێتی مەبەستییەتی لەبەغدادیش حكومەتێكی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت، كە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەكانی گەلەكەمان پارێزراو بێت و گوزارشت بكات لە خواستی هەموو پێكهاتەكانی وڵات، ئەمەش لەسۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەكێتییەوەیە، كە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستانە. بۆ ئەو مەبەستەش، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەردەوامدەبێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا.