خواست لەسەر كارەبا لە سلێمانی 42% كەمیكردووە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 42

راچڵەكین-

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سڵیمانی، لەماوەی ساڵێكدا خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بە ڕێژەی (42%) كەمیكردوە.

ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاند:" لە مانگی 12ی ساڵی 2024، خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بەتێكڕایی (1912) مێگاوات بووە و لە مانگەكەدا بەتێكڕایی (8:31) كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دراوە."

" ئەمساڵ دوای جێبەجێكردنی (پرۆژەی رووناكی) لە مانگی 12 خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بەبەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیوە بۆ (1107 مێگاوات )، بەوەش خواست لەسەر كارەبا بەرێژەی (42%) كەمیكردوە، جگە لەو شوێنانەی لەچوارچێوەی پرۆژەی رووناكی بوون بە بەردەوام لەم مانگەدا بەتێكڕایی (14) كاتژمێر كارەبایان هەبووە." بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی وا دەڵێت.

غالب محەممەد سەبارەت بە هۆكاری كەمبوونەوەی خواست روونیكردەوە " لە ئێستادا هاوڵاتیان زۆر هۆشیارانە و بەرپرسیارانەتر كارەبا بەكاردەهێنن بۆیە خواست كەمیكردوە، هەروەها كە كارەبا بەردەوام بێت، سیستم و تۆڕی كارەبا  سەقامگیرتر دەبێت و خواست كەم دەبێتەوە."

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن