راچڵەكین -
حزبوڵڵای لوبنانی هۆشداریی بە حكومەتی وڵاتەكەی دەدات لە سازشكردن بۆ ئیسرائیل و پەسەندكردنی مەرجەكانی لەپێناو راگرتنی شەڕ و رێككەوتنی ئاشتی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، كوتلەی وەفا بۆ بەرگریی لە پەرلەمانی لوبنان، كە سەر بە حزبوڵڵایە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا داوای لە حكومەتی بەیروت كرد بەهێز بێت لەبەرامبەر ئیسرائیل و بە مەرجەكانی رازی نەبێت بۆ راگرتنی هێرشەكانی بۆسەر باشووری لوبنان.
كوتلە پەرلەمانییەكەی حزبوڵڵا لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاری لەپێشینەی نیشتمانی، بریتییە لە كۆتایی هێنان بە داگیركارییەكانی ئیسرائیل و كشانەوەی هێزەكانی لەناوچەكانی باشووری لوبنان بەگوێرەی رێككەوتنی ئاگربەست كە لە 27ی تشرینی دووەمی 2024 لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل واژۆكرا.
لە راگەیەنداوەكەدا داوا لە حكومەتی لوبنان كراوە لە پێگەیەكی بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بكات و سەر بۆ مەرجە ناڕەواكانی دانەنەوێنێت، كە ئامانج لێی زەلیلكردنی گەل و سوپای لوبنانە.
كوتلە پەرلەمانییەكەی حزبوڵڵا جەختی لەوەشكردووەتەوە كە لوبنانییەكان مافی رەوای خۆیانە بەرگری بكەن ئەگەر داگیركارییەكانی ئیسرائیل بەردەوام بێت.
ئەم هەڵوێستەی حزبوڵڵا لەكاتێكدایە تائێستا رەتیدەكاتەوە چەكەكانی رادەستی سوپای لوبنان بكات و لەو ناوچانەی باشووری وڵاتەكە بكشێتەوە كە ئیسرائیل كردوویەتی مەرجی ئاگربەست و رێككەوتنی ئاشتی.