رووسیا هۆشداریی لە گەشتكردنی هاووڵاتیانی بۆ ئەڵمانیا دەدات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 128

راچڵەكین -

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداریی بە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی دەدات لە گەشتكردن بۆ ئەڵمانیا، وتەبێژی وەزارەتەكەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی ئەو وڵاتە مەكەن.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەو كێشە و ئاستەنگانەی كە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی لەكاتی سەردانیان بۆ ئەڵمانیا دووچاری دەبنەوە، وتیشی:" ئامۆژگاری هاووڵاتیانی رووسیا دەكەم ئەگەر بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت، بەهیچ شێوەیەك گەشت بۆ ئەڵمانیا نەكەن، ئەوەش لەپێناو سەلامەتی گیانیان".

زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەكرد كە تەنانەت رۆژنامەنووسانی رووسیاش دەبێ زۆر ئاگاداری خۆیان بن لەكاتی گەشتكردنیان بۆ ئەڵمانیا و واباشترە سەردانی ئەو وڵاتە نەكەن، بۆئەوەی لەهەر كێشە و ئاستەنگێك كە لەو وڵاتەوە دووچاری دەبنەوە، پارێزراو بن.

لێدوانەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دوای ئەو رووداوانە دێت كە دووچاری هاووڵاتیانی رووسیا بووەوە لەكاتی گەشتكردنیان بۆ ئەڵمانیا، هێز ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەش رایانگەیاندبوو ئەو هاووڵاتییانەی رووسیا سەرپێچییان لەو سزایانە كردووە كە بەسەر مۆسكۆدا سەپێندراوە.

لەدوای دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكانی رووسیا بۆسەر ئۆكراینا، پەیوەندییەكانی نێوان مۆسكۆ و بەرلین بە تەواوەتی تێكچووە و ئاستی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسی و دیپلۆماسییەكانی نێوانیشیان بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن