گۆڕانی كوردسات وەڵامی گۆڕانی گردی زەرگەتە دەداتەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 93

راچڵەكین -

بزوتنەوەی گۆڕان - كوردسات، وەڵامی ئاڕاستەكەی تری بزوتنەوەكە دەداتەوەو بە "گروپێكی كەمینە و ئاژاوەگێڕ" وەسفدەكات و رایدەگەیەنێت: مافی یاسایی و سیاسییان بۆ قسەكردن بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە.

دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان - گردی زەرگەتە، لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی بڵاویكردەوە كە ئاڕاستەی كوردسات هیچ سیفەتێكی قانونی و رێكخراوەییان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا نییە و نوێنەرایەتی گۆڕان ناكەن، ئاڕاستەی كوردسات-ی گۆڕان لە راگەیەندراوێك بڵاویكردەوە كە لایەنە پەیوەندیدارەكان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، تەنها مامەڵەی سیاسی و كارگێڕی لەگەڵ سەركردایەتی شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن، كە ئێستا مەكۆی سەرەكی لە گەڕەكی كوردسات-ی شاری سلێمانییە و بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید، سەركردایەتی دەكات.

دەقی روونكردنەوەكەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانی گردەی زەرگەتە:

دوێنێ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەك نەریتی ساڵانە بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لەپارت و لایەنە سیاسییەكان كردووە.
 
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانێت، كە وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ، ئەم ڕونكردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاو بكاتەوە پەیوەست بەو مامەڵەیەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەیكردوەتەوە.

‎پێویست بوو بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاگادار بێت، كە لە رێكەوتی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٥  لەسەر بنەمای یاسا و بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و  و فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسییەكان، ئەو كەسانە هیچ سیفەتێكی قانونی و رێكخراوەییان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا نیە و نوێنەرایەتی گۆڕان ناكەن. تەنانەت خۆیان لە بەردەم هەموو كەناڵەكاندا بە ئاشكرا گوتیان تا ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی رێكخەر نین.
‎ئەم كارە دەستێوەردانی راستەوخۆیە لە كاروباری ناوخۆیی گۆڕان و لایەنگرییە لە گروپێكی لادەر لەدەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی  گۆڕان. پێویستە سەرۆكی هەرێم پێش هەر كەسێكی دیكە ڕێز لە قانون بگرێت و  دەستێوەردان لە كاروباری گۆڕاندا نەكات و نەبێت بە فاكتەری ناكۆكی و پەرتەوازەیی زیاتر.

هەمووان دەزانن كە ساڵی رابردو بەهۆی خواستی دەستبەسەرداگرتن و دور لە بنەماكانی دیموكراسی و پێشێلكردنی زەقی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ شەش مانگ كەسێك بریكارنامەی بۆ كرایەوە. ئەو ماوەیە لە ١٣ی ٤ی ٢٠٢٥ بە قانون كۆتایی هاتووە.

داوا دەكەین، دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان نەبنە بەشێك لەكێشەكان و وەك دامەزراوەی حزبی بەكارنەهێنرێن بۆ دەستێوەردان لە كاروباری پارتە سیاسییەكان.
----------------------
دەقی راگەیەندراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان - كوردسات

ئێوارەی ئەمڕۆ، ٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٥، گروپێكی كەمینە لە گردی زەرگەتە، جارێكی دیكە پەنایان بردەوە بەر بەكارهێنانی ناوی "جڤاتی نیشتمانی" بۆ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك، كە پەیوەندی بە ئیرادەی بزوتنەوەی گۆڕان و دامەزراوە شەرعییەكانییەوە نییە.

لێرەدا، ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە كە

١. ئەم گروپە بەپێی ئەنجامەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی ساڵی ٢٠٢٤ كە لە گردی زەرگە، هەروەها هەردوو كۆنفرانسی ساڵی ٢٠٢٥، بە چاودێریی ڕاستەوخۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەچوون، وەك گروپێكی كەمینە و ئاژاوەگێڕ ناسێنراون و، مافی یاسایی و سیاسییان بۆ قسەكردن بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە.

٢. لایەنە پەیوەندیدارەكان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، تەنها مامەڵەی سیاسی و كارگێڕی لەگەڵ سەركردایەتی شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن، كە ئێستا مەكۆی سەرەكی لە گەڕەكی كوردسات-ی شاری سلێمانییە و بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید، سەركردایەتی دەكات.

٣. ئێمە لە كاتێكدا جەخت لە پاراستنی بەهاكانی گۆڕانخوازی دەكەینەوە، ڕایدەگەیەنین كە كۆنفرانسی داهاتوو دەبێتە "سەنگی مەحەك" بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان و ئێمە چاوەڕێین و تا گەڕاندنەوەی بزوتنەوەكە بۆ سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی لە خزمەتكردنی خەڵك، لە هەوڵەكانمان ناوەستین.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٥

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن