راچڵەكین -
حكومەتی رووسیا لەسەر هەڕەشەكانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەكی رووسیا بە زەبری هێز، كاردانەوەی مۆسكۆی لێدەكەوێتەوەو بەرپرسێكی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: هەموو ئامرازێكی پێویستمان لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەوڵێكی لەو جۆرە.
سێرگی ریابكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوی رووسیا رایگەیاند: ماوەیەكە بەرپرسانی ناتۆ باس لە ئەگەری گەمارۆدانی ناوچەی كالینینگراد دەكەن وەك بەشێك لە گوشارەخستنەسەر مۆسكۆ بۆ راگرتنی شەڕ لە ئۆكراینا و پابەندكردنی بە واژۆكردنی رێككەوتنی ئاشتی بەو جۆرەی كە سەرانی ئەوروپا دەیانەوێت.
ئەو بەرپرسەی رووسیا ئاماژەی بەوەكرد، هەندێ لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپای ئەندامی ناتۆ تەنانەت گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە بە زەبری هێزی چەكدار دەستبەسەر كالینینگراد دا بگرن و كۆنترۆڵی بكەن، بێ ئاگا لەوەی رووسیا كە هەموو جۆرە ئامرازێكی وەڵامدانەوەی لەبەردەستە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و دەتوانێت لەئەگەری هەنگاوێكی لەو جۆرە، كاردانەوەی جەرگبڕی هەبێت و وا لە ئەوروپا بكات پەشیمان ببنەوە.
كالینینگراد كە دەكەوێتە سەر دەریای بەلتیك، ناوچەیەكی سەر بە رووسیایە، بەڵام بە خاكی ئەو وڵاتەوە نەبەستراوەتە، دەكەوێتە نێوان هەردوو وڵاتی لیتوانیا و پۆڵەندا، ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 500 هەزار كەس دەبێت و بە ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیجی لە كیشوەری ئەوروپا دادەنرێت.