مەسعود بارزانی هۆشداریی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان دەدات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 92

راچڵەكین -

مەسعود بارزانی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ و بەردەوامین كە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا تووشی كارەسات و نەهامەتی نەبن، كە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نابێت.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو پەیامەیدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 20-1-2026 بۆ رای گشتی بڵاویكردووەتەوە، داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان كردووە، بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن و دەستبەجێ گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان ڕابگیرێن و ئاگربەسێكی سەرتاسەری ڕابگەیەندرێت و كێشەكان بە شێوازێكی ئاشتییانە و لەڕێگەی حیوارەوە چارەسەر بكرێن.

دەقی پەیامەكە:
  
پەیامێك لە مەسعود بارزانییەوە بۆ رای گشتی

بە نیگەرانییەكی زۆرەوە و بەوردی بەدواداچوون بۆ دوایین پەرەسەندن و ڕووداوەكانی سووریا و ڕۆژئاوا دەكەین، لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە هەموو لایەك بەرپرسیارانە و دوور لە عاتیفە ڕەفتار بكات و وای لێ نێت زیان بە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا بگات، كە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نابێت.

ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ و بەردەوامین كە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا تووشی كارەسات و نەهامەتی نەبن. لەلایەكی ترەوە لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی دروست بووە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریش لە ئارادایە كە خۆی لەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جددییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە.

لێرەدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان دەكەین كە بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن و دەستبەجێ گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان رابگیرێن و ئاگربەسێكی سەرتاسەری ڕابگەیەندرێت و كێشەكان بە شێوازێكی ئاشتییانە و لەڕێگەی حیوارەوە چارەسەر بكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن