كۆمپانیای دانەغاز و هاوبەشەكانی گرێبەستێكی نوێیان لەهەرێمی كوردستان واژۆ كرد

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 91

راچڵەكین-

كۆمپانیای دانەغاز و هاوبەشەكانی، لە چوارچێوەی كۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم، زنجیرەیەك رێككەوتنی درێژخایەنیان واژۆ كردووە بۆ فرۆشتنی بلۆكی غازی چەمچەماڵ و بەكارهێنانەوەی لە پیشەسازییە گەورەكانی هەرێمی كوردستان.

گرێبەستەكە تایبەتە بە دابینكردنی گازی سرووشتی بۆ پیشەسازییەكان لە هەرێمی كوردستان لە نێوانیاندا پیشەسازییە كیمیاییەكان و پیشەسازیی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و بەرهەمهێنانی ئاسن.
 
بەگوێرەی رێكەوتنەكە بێت، گازی سرووشتی وەكو سووتەمەنیی بۆ ئەو كارگانە دابیندەكرێت كە بە سووتەمەنییەكی خاوێنتر لە سووتەمەنییەكانی دیكە هەژمار دەكرێت، بەراورد بە گازوایل و نەوتی رەش و مازۆت.
 
بەپێی ئەم رێككەوتنە، پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتووەوە بۆ 10 ساڵ، دەست بە كڕینی رۆژانە نزیكەی 142 ملیۆن پێی سێجا دەكەن.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، رێككەوتنە لەگەڵ كارگەكانی چیمەنتۆی ماس، بازیان، دێڵتا، گاسین، لە سلێمانی و كۆمپانیای  ڤان ستیل لە پارێزگای هەولێر واژۆكراوە.

لە سەرەتای 2025ەوە، كۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیەم و كۆمپانیا بەشداربووەكانی، دەستیان بە پەرەپێدانی كێڵگەی چەمچەماڵ كرد، ئەوەش لە ریگەی وەبەرهێنانی 160 ملیۆن دۆلاری لە لێدانی 3 بیری گاز و دامەزراندنی ژێرخانی گواستنەوەی گاز.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن