جەیمس جێڤری
راچڵەكین -
نێردەی تایبەتی پێشووی ئەمریكا بۆ سووریا، رەتیدەكاتەوە هەڵوێستی نوێی وڵاتەكەی لە سووریا، ناپاكی بێت بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان و رایدەگەیەنێت: بە ڕوونی بە دەستەڵاتدارانی كوردمان وتووە پەیوەندی نێوانمان كاتی و تاكتیكییە، هەرگیز بە كوردشمان نەوتووە كە بە تێپەڕبوونی كات پشتگیری لە هەرێمێكی كوردی دەكەین یاخود بە هێزی سەربازییەوە بەرگرییان لێدەكەین.
جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، "هەر لە سەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباماوە، ئێمە هەرگیز بە كوردمان نەوتووە كە بە تێپەڕبوونی كات پشتگیری لە هەرێمێكی كوردی دەكەین یاخود بە هێزی سەربازییەوە بەرگری لێدەكەین بەرامبەر هیچ لایەنێك جگە لە داعش و ئەسەد و هاوپەیمانەكانی، كە بریتی بوون لە ڕووسەكان و ئێرانییەكان. بەڵام هەرگیز نەمانوتووە بەرگرییان لێدەكەین دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا یان حكومەتی نوێی سوریا، بەڵكو پێمان وتن كە پەیوەندییەكەمان كاتی و تاكتیكی و سەودای بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ لەناوبردنی داعش."
سەبارەت بە داهاتووی سووریا و ئایندەی كورد لەو وڵاتە، جێڤری ئاماژەی بەوەكرد كە ئەمریكا پشتگیری لە بڕیارنامەی ژمارە 2254ی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، كە ساڵی 2015 بەكۆی دەنگ پەسەندكرا و داوای ئاگربەستی سەرتاسەری لە سووریا و نەخشەڕێگای چارەسەری سیاسییانە بۆ ئەو وڵاتە سوریا دەكات، كە بریتییە لە پابەندبوون بە یەكێتی و سەربەخۆیی و یەكپارچەیی خاك و كاراكتەری ناتایفی سووریا، كە ئێستا حكومەتی ڕاگوزەری سووریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع، بە هاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەنگاوەكانی ئەم بڕیارنامەیە جێبەجێ دەكات.
بە وتەی جەیمس جێفری، ئەمریكا هەرگیز خۆی پابەند نەكردووە بە بەرگریكردن لە كوردی سووریا دژی هیچ هێزێك جگە لە داعش و رژێمی ئەسەد، وتی:" من چەندین جار ئەمەم بۆ ڕوونكردنەوە و خەڵكانی تریش هەمان ڕوونكردنەوەیان پێیان داوە".
نێردەی تایبەتی پێشووی ئەمریكا بۆ سووریا ئاشكراشیكرد، كاتێك ئەحمەد شەرع هات و ویستی خۆی پیشاندا بۆ بەشداریكردن لە شەڕی نێونەتەوەیی دژ بە داعش، هاوبەشەكانمان لە سووریا بوون بە دوو، كە بریتین لە ئەحمەد شەرع و هەسەدە، هەموو وڵاتانی ناوچەكە جگە لە ئیسرائیل، پێیان وابوو دەبێت سووریا یەكگرتوو بێت و پشتگیرییان لە دیمەشق كرد، ئەمریكاش لە دەرەوەی ئەم هاوكێشەیە نییە و پشتگیری لە هەمان سیاسەت دەكات بە هاوكاریكردنی ئەحمەد شەرع.
لەبارەی هێرشی گروپە چەكدارەكانی سووریا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان، جێفری رایگەیاند: بەرپرسانی ئەمریكا لە دوای ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا، زۆر چالاكانە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ بەرپرسانی سووریا و توركیا بۆ رێگری لە توندوتیژی دژ بە كورد. وتیشی:" پەیوەندی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆ هەبووە لە نێوان سەرۆكەكان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كورد قەتڵوعام نەكرێت و هێزەكان نەچنە ناوچە كوردییەكانی حەسەكە."
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریكا جەختی لەوەكردەوە كە "بە دڵنیاییەوە دەرفەتی كاری بەیەكەوەمان لەگەڵ كورد هەیە و بەردەوامین لە كاركردن لەگەڵیان لە شەڕی دژ بە داعش، نامانەوێت ببینین ئەوان بسڕدرێنەوە، دەمانەوێت هێزە كوردییەكان لەگەڵ سوپای سووریا تێكەڵكێش بكرێن و دەسەڵاتێكی بەرچاوی ئیدارەی ناوخۆییان هەبێت".
وتیشی:" باسی ئەوە ناكەم كورد لە سووریا هاوشێوەی كوردی عیراق هەرێمی هەبێت، ئەمە لە سووریا كارناكات، بەڵام بە گوێرەی دەستوور، پارێزگارەكان لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێن، پۆلیسی ناوخۆ لەلایەن دەستەڵاتی ناوخۆ دادەنرێت و بودجەی ناوخۆییش هەیە؛ ئەمە ڕێگای بەرەوپێشچوونە بۆ كورد لە سوریا".