راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی چۆنیەتی گەیاندنی كۆمەك بۆ رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنێت: بەڕێوەبەرایەتییەكانی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، سەرپەرشتی پرۆسەی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكارییەكان دەكەن.
وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە 26-1-2026 بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لە رێكەوتی ٢٢ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٦، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان راسپێردران بۆ سەرپەرشتیكردنی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری مرۆیی بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان، بە سوپاسەوە هەڵمەتی گەورە لە هەموو كوردستان دەستی پێكردووە و بڕی زۆر پاڵپشتی و شتومەكی جۆراوجۆر لە لایەن هاونیشتیمانیان كۆكرانەوە و پرۆسەی گەیاندنیان بە شێوەی سەلامەت لە رووی لۆجستی و ئیدارییەوە دەستی پێكردووە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەكەن.
داواشی كردووە خێرخوازان بەردەوام بن لە پێشكەشكردنی دەستی هاوكاری بە هەمان ئەو میكانیزمەی داندراوە و هیچ كەس و لایەنێك كەلوپەل و كۆمەك نەباتە سنوور، لەبەر ئەوەی پێویستی بە ئامادەكاری و رەزامەندی پێشوەختە هەیە.
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیەكانی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان هەموو ئامادەكارییەكان لە رووی كۆكردنەوە، رێكخستن و پۆلێنكردنی كەلوپەلەكان و گەیاندن و گواستنەوەیان بۆ رۆژئاوای كوردستان لە ئەستۆ دەگرن، سەردانیان بكەن و بەو میكانیزمەی داندراوە كۆمەك و پاڵپشتی بگوازنەوە رۆژئاوا.