وەزارەتی كارەبا هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچییەكان دەستپێدەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 204

راچڵەكین -

وەزارەتی كارەبا هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ نەهێشتنی سەرپێچیكردن و راكێشانی كارەبای نایاسایی لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا دەستپێدەكات و راشیدەگەیەنێت: هەڵمەتەكە بۆ دڵنیابوونە لە دابینكردنی دادپەروەرانەی كارەبا بۆ هەموو هاووڵاتیان.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەكارهێنانی كارەبا بەبێ ئەوەی هاوبەش ئەژماری كارەبای هەبێت یان نەدانی پارەی پسوولەكان لە كاتی خۆیدا، دەبێتە هۆی ئەوەی سەرپێچیكاران پارەی هەموو ئەو پسوولانە بدەن كە نەیانداوە و ڕووبەڕووی سزای دارایی توند دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، راكێشانی هێڵ لە تۆڕی كارەبای گشتی بە نایاسایی یان دەستكاریكردنی پێوەرەكانی كارەبا، بە سەرپێچیكردن هەژمار دەكرێت، هەر هاوبەشێكی ماڵانیش سەرپێچی بكات، بەبڕی چوار ملیۆن دینار سزا دەدرێت، سزاكەش بەرزتر دەبێتەوە بۆ هاوبەشانی بازرگانی بۆ 50 ملیۆن دینار، هەروەها دەبێت پارەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بدەن كە بە نایاسایی بەكاریان هێناوە و رەوانەی دادگا دەكرێن و لەوانەیە دووچاری پچڕانی هەمیشەیی كارەبا ببنەوە.

وەزارەتی كارەبای باسی لەوەشكردووە، لەكاتی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، سەرپێچیكردن فشارێكی زۆری خستووەتە سەر تۆڕی كارەبا و كاریگەرییەكی خراپی بەسەر دابەشكردن بە دادپەروەری كردوووە. بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە مانگی حوزەیرانی 2025 راگەیەندران، وەزارەتی كارەبا ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هەر ساختەكارێك لە تۆڕی كارەبادا دەگرێتەبەر.

وەزارەتەكە جەختی لەوەكردووەتەوە كە هەرچەندە پڕۆژەی ڕووناكی لە بەرەوپێشچوونێكی زۆر باشدایە و كارەبای 24 كاتژمێری بە زیاتر لە 70% هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بەڵام بەكارهێنانی نایاسایی و نەدانی پارەی پسوولەكان، فشارییان لەسەر تۆڕی كارەبای نیشتیمانی دروستكردووە و كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابینكردنی كارەبا دروستكردووە.

وەك لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كارەبادا هاتووە، "ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی تۆڕەكانی كارەبای نیشتیمانییە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی كارەبای 24 كاتژمێری لە كۆتایی ئەمساڵدا بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن