ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سودانی، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی گواستنەوەی زیندانیكراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عیراق و وردەكارییە ئەمنییەكانی تایبەت بەو پرۆسەیە كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوەكرا گواستنەوەی ئەو تیرۆریستانەی داعش، بڕیارێكی تەواو ئەمنییە و ئامانج لێی پاراستنی عیراقە، هەروەها جەختیشكرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە پێویستش زانرا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسرە ئەو بابەتە بەرپرسیارییەتی خۆی لەئەستۆ بگرێت.
ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق نەخشەڕێگایەكی تۆكمەی پەسەندكرد و لیژنەیەكی ئەمنیشی پێكهێنا كە بەشێوەیەكی تەواوەتی سەرپەرشتی پرۆسەی گواستنەوەی زیندانیكراوانی داعش و مامەڵەكردن لەگەڵیان دەگرێتە ئەستۆ، تا رادەستكردنیان بە دادگا.
لەچەند رۆژی رابردوودا، ئەمریكا 150 سەركردەو ئەندامی داعشی لە گرتوخانەكانی سووریا بۆ عیراق گواستەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی پرۆسەیەكدایە بۆ گواستنەوەی زیاتر لە حەوت هەزار زیندانیكراوی ئەو گروپە تیرۆریستییە بۆ گرتوخانەكانی عیراق.