راچڵەكین -
ئەمریكا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا راگەیەندراوێكی هاوبەش لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان بڵاودەكەنەوەو داواش لە هەسەدە و حكومەتی دیمەشق دەكەن، لەسەر ئاگربەستێكی هەمیشەیی بگەنە رێككەوتن، جەختیش دەكەنەوە كە سەقامگیركردنی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی ئاشتیانەوە ئەولەوییەتێكی سەرەكییە بۆ ئاسایشی ناوچەكە و رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر.
لەو راگەیەندراوە هاوبەشەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-1-2026 لەدوای كۆبوونەوەی تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بڵاوكرایەوە، ئەو چوار وڵاتە گەورەیەی جیهان، پشتگیریی خۆیشیان بۆ گواستنەوەیەكی سیاسیی گشتگیر لە سووریا دووپاتكردووەتەوە، كە مافی هەموو پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە بپارێزێت.
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیەندراوی هاوبەشی فەرەنسا، ئەڵمانیا، شانشینی یەكگرتوو و ویلایەتە یەكگرتووەكان
ئێمە پێشوازی لە درێژكردنەوەی ئاگربەستی 15 رۆژەی نێوان هێزەكانی حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكەین كە لە 24ی كانوونی دووەم ڕاگەیەندرا. داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین بە توندی پابەندی ئاگربەستەكە بن و دانبەخۆداگرتنی تەواو بنوێنن. داوا لە هەموو لایەنە دەرەكییەكان دەكەین بێنە ڕیزی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و كەمكردنەوەی توندوتیژی.
ئێمە پابەندبوونی هەموو لایەنەكان بە پاراستنی خەڵكی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی دووپات دەكەینەوە. پێشوازی لە نیشتەجێكردنی ڕێڕەوە مرۆییەكان دەكەین بۆ دەستەبەركردنی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بە سەلامەتی و بێ بەربەست. جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەبێت ئەم ڕێڕەوانە بەردەوام بن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە شاری كۆبانی دەستپێبكەنەوە.
پێشوازی لەو ڕۆڵە گرنگە دەكەین كە هاوبەشەكانمان دەیگێڕن، لەوانە عیراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی كە داعش دروستی كردوون.
داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین بە خێرایی لەسەر ئاگربەستێكی هەمیشەیی ڕێكبكەون، و لە زووترین كاتدا دەست بكەنەوە بە دانوستانەكان بە ئامانجی تێكەڵبوونی ئاشتیانە و بەردەوامی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی یەكگرتوو و خاوەن سەروەری كە بە شێوەیەكی كاریگەر ڕێز لە مافی هەموو هاووڵاتیانی بگرێت و بییانپارێزێت، بە پشتبەستن بە ڕێككەوتنی 18ی كانوونی دووەمی 2026، وەك كاریگەرترین ڕێگا بۆ دەستەبەكردنی سەقامگیری لە سووریا.
ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە هەوڵە بەكۆمەڵەكان بۆ شەڕی دژی داعش بەردەوام بن. داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین خۆیان لە هەر بۆشاییەكی ئەمنی لە ناوەوە و دەوروبەری سەنتەرەكانی دەستبەسەركردنی داعش بپارێزن. بۆ چارەسەركردنی ئەم نیگەرانییانە، ڕێككەوتین كە بە زوویی كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجام بدەین.
پشتگیری خۆمان بۆ گواستنەوەیەكی سیاسی گشتگیر لە سووریا دووپات دەكەینەوە، كە مافی هەموو سوورییەكان بپارێزێت، و جەخت لەوە دەكەینەوە كە سەقامگیركردنی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی ئاشتیانەوە ئەولەوییەتێكی سەرەكییە بۆ ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بۆ ئاسایشی ناوچەكە. ئێمە ئامادەیی خۆمان نیشان دەدەین بۆ پشتگیریكردن و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوان لایەنەكان لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، كە ئامانجیان تێكەڵبوونی ئاشتیانە و بەردەوامی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە لە ناو دەوڵەتێكی یەكگرتوو، گشتگیر و خاوەن سەروەری كە بە شێوەیەكی كاریگەر مافی هەموو هاووڵاتیانی بپارێزێت.