راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا
لەكاتی هەوڵدانی چەكدارانی سەر بە رژێمی سوریا بۆ پەلاماردانی شاری كۆبانێ، لەلایەن شەڕڤانانەوە بەرپەرچدرانەوە، لەئاكامدا یەكێك لەسەركردە دیارەكانی ئەو چەكدارانە بەناوی " ئەبو موسعەب شەنان" لەنزیك كۆمپانیای لاڤارج، كرایە ئامانج و كوژرا.
ئەبو موسعەب شەنان، تەنها ناوێك نەبوو لەنێو چەكدارانی رژێمی سوریا، بەڵكو وەك سونبولێك و جێی شانازی ئەو چەكدارانە سەیری دەكرا.
ئەسعەد عەبدولحەمید ئیبراهیم ناسراو بە ئەبوموسعەب شنان" خەڵكی گوندی شەنان-ە لە بناری چیای زاویە لە ریفی ئیدلب.
ئەبو موسعەب، لەڕووداوەكانی سوریا لەریزەكانی بەرەی ئیسلامی و پاشانیش دەستەی تەحريری شام بووە، لەو ماوەیەدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە لێدانی تونێل و گەیشتن بە بنكەو بارەگاكانی سوپای رژێمی بەشار ئەسەد-ی سەرۆكی پێشووی سوریا و تەقاندنەوەیان، هەر بۆیە بە " ئەندازیارو وەزیری تونێلەكان" لەنێو چەكدارانی سوریا ناسرابوو.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرع، ئەبوموسعەب لە فیرقەی 42ی سوپای عەرەبی سوری بووە ئەفسەر.
لەشەڕی دژ بە هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشداربووە، رۆژی 27ی كانوونی دووەمی 2026 لەكاتی هەوڵدانی چەكدارانی سەر بە رژێمەكەی شەرع بۆ دزەكردنە نێو كۆبانێ، لەلایەن شەڕڤانانەوە كرایە ئامانج و بۆ دواجار شانازییەكەی ئەو چەكدارانە لەگۆڕ نرا.