راچڵەكین -
ئاسایشی هەولێر ئامارێكی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەكان بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، ساڵی پار لە هەولێر دهۆك سەدان تۆن ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوەو زیاتر لە هەزار و 700 كەسیش بەتۆمەتی كڕین و فرۆشتن بەو ماددانەوە دەستگیركراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/ هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا، ئاماری كاروچالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی لە ساڵی 2025 لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بڵاویكردەوە، كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1_ (1708) تۆمەتبار دەستگیركراون، لەم ڕێژەیە (1034) تۆمەتبار كڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە كردووە و (674) تۆمەتبار بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوون.
2_ دەستگیراوە بەسەر بڕی (922) كیلۆ و (963) گرام لە ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر لەگەڵ (12,194) شیت حەبی هۆشبەر.
3_ (2354) دۆسیە لە لایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش یەكلاكراونەتەوە و ڕەوانەی دادگاكانی تایبەت مەندكراون بۆ دادگاییكردن، بەشێك لە تۆمەتباران چەندین دۆسیەی تاوانیان بۆ كراوەتەوە لەبەرئەوەی چەندین تاوانی جیاجیایان ئەنجامداوە وەك بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و سەرپێچی یاساكانی هاتووچۆ و توندوتیژی خێزانی و دزی و زۆر تاوانی تر، كە هەر یەك لەم تاوانانە دەبێتە دۆسیەیەكی تر و سزای تایبەت بە خۆی هەیە.
4_ (601) تۆمەتبار ماوەی سزای یاساییان تەواو كردووە و ئازادكراون.
5_ لە ماوەی ساڵی 2025 چەندین چالاكی هاوبەش لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی حكومەتی عێراقی فیدراڵی و بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سلێمانی، لەم چالاكییە هاوبەشانە (13) گەورە بازرگان دەستگیركراون و دەستگیراوە بەسەر بڕی (1575) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەكانی (كریستاڵ) و (حەبی كەپتاگۆن).
6_ (1356) كیلۆ و (758) گرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر لە لایەن لیژنەی عەمباركردن و لەناوبردنی ماددەی هۆشبەر سووتێنراوە و لەناو براوە كە تایبەتمەند بوون بە (1297) دۆسیە لە دادگاكان دادگایی كراون و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە.
7_ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان (147) كۆڕ و سمینار و وانەوتنەوە و چاوپێكەوتنی میدیایی ئەنجامداوە بۆ هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگا لە مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر و چۆنیەتی خۆپارێزی و ڕێگاكانی ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوەندەكانی خوێندن بە گشتی و ناوەندە ئاینییەكان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەكان و ناوەندە حزبییەكان و لایەنە فەرمی و نافەرمییەكان.
8_ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان (235) پۆستەر و وێنەی هەڵواسیوە لەگەڵ (8000) نامیلكەی بڵاوكردووەتەوە لە زۆربەی دامەزراوە حكومی و ناحكومییەكان و شوێنە گشتییەكان، كە تێیاندا مەترسی و زەرەر و زیانی ماددەی هۆشبەر و ڕێگاكانی چارەسەری تێدا بە ڕوونی خراوەتە ڕوو.
9_ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە ساڵی 2023 تاكو 2025 لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڵساوە بە پێدانی ڕێنمایی و وەرگرتنی بەڵێننامەی پابەندبوونی بە (765) دەرمانخانە و (703) نۆرینگەی پزیشكی و (160) كۆمپانیای هێنانی دەرمان و (51) كۆگای دەرمان و (112) كۆمپانیا و نووسینگەی گواستنەوە و هێنانی كەلوپەل بۆ ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
10_ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە ساڵی 2023 تاكو 2025 لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك بەدواداچوونی كردووە بۆ (98) كافتریای ڕێستۆرانت و (23) دەرمانخانە و بەڵێننامەی پابەندبوونی لێ وەرگرتوون.
ئاماری دەستگیركراوان بۆ ساڵی (2025) بەپێی تەمەنیان:
ئەوانەی تەمەنیان لە (18) ساڵ بۆ خوارەوەیە: 1%
ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (18) بۆ (30) ساڵیدایە: 46%
ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (30) بۆ (40) ساڵیدایە: 36%
ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (40) بۆ (50) ساڵیدایە: 13%
ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (50) بۆ (60) ساڵیدایە: 4%
ڕێژەی ئافرەتان لە تێكڕای تەمەنەكان كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێكردووە: 4% .