حەسەكە: تەقە لەكاروانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی دیمەشق دەكرێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 150

راچڵەكین-

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەرێمی جەزیرەی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، لەكاتی چوونی كاروانێكی هێزەكانی ئاسایشی حكومەتی سووریا بۆ ناو شاری حەسەكە، رووبەڕووی هێرشێكی چەكداری بوونەتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی شوباتی 2026 لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، كاتێك هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ سەرقاڵی دابینكردنی دەروازە بوون بۆ چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی سووریا بۆ ناو شاری حەسەكە، كاروانی هێزە ئەمنییەكانی سوریا" لەلایەن چەند شانەیەكی تیرۆریستییەوە تەقەی راستەوخۆی لێكراوە بە مەبەستی دروستكردنی پشێوی و تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە".
 
ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، دەستبەجێ، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوا وەڵامی سەرچاوەی تەقەكانیان داوەتەوە و ئۆپراسیۆنێكیان ئەنجامداوە، لەئاكامدا ژمارەیەك لەئەندامانی ئەو شانە تیرۆرستیانەیان دەستگیركردووەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە:"لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركەكەدا، ئەندامێكی هێزەكانی ئاسایش بریندار بووە و ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشكیدایە."
 
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەرێمی جەزیرەی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، ئەركی خۆیان بە سەركەوتوویی و بەبێ زیانی مەدەنی ئەنجام داوە و پابەندی تەواوی خۆیان بە رێككەوتنەكان و پاراستنی ئاسایشی گشتی دووپات دەكەنەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن