راچڵەكین -
ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە مانگی رابردوو لە گەڕەكێكی شاری هەولێر سێ ئەندامی خانەوادەیەكی كوشت.
ئەمڕۆ سێشەممە 3-2-2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ڕێكەوتی 25-1-2026، لە ڕووداوێكی تاوانی كوشتنی سێ ئەندامی خانەوادەیەك لە گەڕەكی شۆڕشی شاری هەولێر ئاگاداركراینەوە، دەستبەجێ لەلایەن تیمەكانمانەوە، دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچون كرا و لە ماوەیەكی كورتدا، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەكەمان ئاشكرا كرد و لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە بەناوی ( أ ، أ ، ع )، دوای ئەنجامدانی تاوانەكەی، بە ئۆتۆمبێلی ماڵی قوربانییەكان بە نیازبوو بەرەو شاری كەركوك هەڵبێت، بەڵام لەلایەن هێزەكانمانی ئاسایشەوە رێگری لێكرا و دوای ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هێزەكان، بە بریندای دەستگیر كرا.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، تۆمەتبار لە لێكۆڵینەوەدا دانی بە ئەنجامدانی تاوانەكەیدا ناوە، كە خانەوادەی قوربانییەكان دەناسێت و بەبێ ئاگاداری و لە دەرنگانی شەودا چووەتە ژوورەوە و ئەو تاوانەی ئەنجامداوە، هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان دەردەكەوێت كە تۆمەتبار نەخۆشی نەخۆشخانەی دەروونی شاری هەولێر بووە و نەخۆشی دەروونیی درێژخایەنی هەیە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەی ئاڕاستەی دادگا كراوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.