مەسعود بارزانی: ترسی گەورەی من ئەوە بوو، ببێتە شەڕی كورد و عەرەب

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 79

راچڵەكین-

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، ترسی گەورەی ئەو ئەوە بووە، ببێتە شەڕی كوردو عەرەب.

رۆژی پێنجشەممە 5ی شوباتی 2026 مەسعود بارزانی لە وتارێكدا لە 11ـەمین كۆنگرەی تەندروستیی میزۆپۆتامیا لە هەولێر، لەبارە دۆخی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند:" خەریك بوو كارەساتێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان رووبدات. ترسی گەورەی من ئەوە بوو، ببێتە شەڕی كورد و عەرەب. بە درێژایی مێژوو، كورد دەستپێشخەری هیچ شەڕێكی نەكردووە، بەڵكوو شەڕەكەی لە دژی زۆردار بووە، نەك لە دژی میللەت."

"هەلومەرجی ئەمجارە جیاواز بوو لەگەڵ ساڵی 2014، ئەمجارە پێویستی بەوە بوو، ئاگرەكە بكوژێتەوە. سوپاس بۆ خوا شەڕەكە نەبووە شەڕی كورد و عەرەب، شتی ناخۆش روویداوە، بەڵام دەكرا شتی گەورەتر رووبدات." مەسعود بارزانی وا دەڵێت. 

بارزانی ئومێدی خواست ئەو یەكێتییەی لەسەر ئاستی نەتەوەیی بینرا، ببێتە بنەمایەك بۆ هەموو رووداوێكی داهاتوو. كورد نابێت بیر لە شەڕ بكاتەوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا، زوڵمی زۆردارانیش قبووڵ ناكەن.

سەرۆكی پارتی لەبەشێكی تری قسەكانیدا ووتی:"هەوڵی چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی بەردەم پێكهێانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدەین."

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن