راچڵەكین -
حكومەتی ئیسرائیل لە هەنگاوێكدا نوێیدا بۆ پاراستنی زیاتری دروزەكان، ئەفسەرێكی باڵای سوپای وڵاتەكەی رادەسپێرێت بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ دروزەكانی سووریا و لوبنان.
كەناڵی 12ی عیبری بڵاویكردەوە، سوپای ئیسرائیل لیوا غەسان علەییان-ی وەك رێكخەر لە فەرماندەیی ناوچەی باكووری سوپا دەستنیشانكرد، كە ئەركەكەی بریتی دەبێت لە پەیوەندیكردن و هەماهەنگی لەگەڵ دروزەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتیش دروزەكانی سووریا و لوبنان.
لیوا غەسان علەییان، كە گەورەترین فەرماندەی دروزە لەناو ریزەكانی سوپای ئیسرائیل، پێشتر فەرماندەی لیوای گۆلانی بووە، كە یەكێكە لە گرنگترین و بەهێزترین لیوا سەبازییەكانی سوپای ئیسرائیل، ناوبراو پەیوەندییەكی بەهێزیشی لەگەڵ دروزەكانی سووریا و لوبنان هەیە.
بڕیارەكەی سوپای ئیسرائیل لەچوارچێوەی بایەخپێدانی ئەو وڵاتە دێت بە دروزەكان، كە پێشتریش بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنیدابوو بەهەموو شێوەیەك پارێزگاری لە دروزەكانی سووریا بكات لەهەر هێرش و پەلامارێك كە لەلایەن هێزەكانی سووریاوە بكرێتە سەریان.