دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر داخستنی كەناڵی NRT دێتەدەنگ

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 390

راچڵەكین -

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت داخستنی كەناڵی NRT راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: پاڵپشتی لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەگەری دەكەین، بەڵام ئەم ئازادییە نابێت بە هیچ شێوەیەك تێكەڵ بە سوكایەتیكردن بە پیرۆزییە ئایینییەكان و ڕەمز و سیمبوڵە نەتەوەییەكان بكرێت.

لە بەشێكی ئەو راگەیەندراوەكەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-2-2026 بڵاوكراوەتەوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان كردووە، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە بكەن كە دەبنە هۆی نانەوەی فیتنە و تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی.

دەقی راگەیەندراوەكە:

بەیاننامەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان سەبارەت داخستنی كەناڵی NRT لەبەرامبەر شێواندنی وێنەی سیمبوڵی نەتەوەیی كورد.

وەك خۆتانیش دەزانن ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، هەمیشە وەك بنەمایەكی نەگۆڕ پاڵپشتی لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دەكەین لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستاندا، بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیەنین كە ئەم ئازادییە نابێت بە هیچ شێوەیەك تێكەڵ بە سوكایەتیكردن بە پیرۆزییە ئایینییەكان و ڕەمز و سیمبوڵە نەتەوەییەكان بكرێت. ئەو ڕەفتارەی كەناڵی ئاسمانیی (NRT) لەكاتی گواستنەوەی دانیشتنێكی فەرمی، كە تێیدا هەستاون بە لێڵكردن (مغەوشكردن) ی وێنەی ڕەمزی نەتەوەیی كورد (مەلا مستەفا بارزانی)، پێمان وایە ناچێتە چوارچێوەی كاری ئازادی ڕۆژنامەگەری.

بەلاڕێدابردنی تەكنیكی لە كاری میدیاییدا، تەكنیكی لێڵكردن تەنها بۆ شاردنەوەی دیمەنە نەشیاوەكان، تیرۆریستییەكان، یان ئەو دیمەنانەی پێچەوانەی دابونەریت و پاراستنی ناسنامەی قوربانیانن بەكاردێت. بەكارهێنانی ئەم تەكنیكە بۆ وێنەی سیمبوڵێكی نەتەوەیی، سوكایەتییەكی ڕاستەوخۆیە و برینداركردنی هەستی نەتەوەییە.  ئێمە وەك دەستەی مافی مرۆڤ، چەندین جار لە ڕابردوودا بەیاننامە و هەڵوێستی ڕوونمان هەبووە وەك پاڵپشتی بۆ كەناڵی (NRT) لەو شوێنانەی كە لەسەر حەق بوون و ڕووبەڕووی پێشێلكاری بوونەتەوە، كەناڵەكەش خۆی شایەتی ئەم ڕاستییەیە. بەڵام نەدەبوو ئەم كەناڵە بكەوێتە ناو ئەم هەڵە گەورەیەوە كە زیان بە یەكڕیزی و شكۆی نەتەوەیی دەگەیەنێت.

لێرەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان دەكەین، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە بكەن كە دەبنە هۆی نانەوەی فیتنە و تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی. ئازادیی میدیا بە مانای شێواندنی مێژوو و بێڕێزی كردن بە ناسنامەی نەتەوەیەك نییە.

بەپێی بەدواداچوونی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ و لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆكی دەستە، دیارە داخستنی كەناڵەكە لەسەر بنەمای نووسراوی داواكاری گشتی و بە پاڵپشتیی بڕیاری ژمارە (٧)ی ساڵی ١٩٩٧ی پەرلەمانی كوردستان بووە، كە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە بڕیاری داخستنی نووسینگەكانی كەناڵی (NRT) لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دراوە.

ئێمە لە دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی دۆخەكە و بەدواداچوونەكانمان چڕتر دەكەینەوە، تاوەكو ڕاستییەكان وەك خۆی بۆ ڕای گشتی و خەڵكی كوردستان بخەینە ڕوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن