راچڵەكین -
كەشناسیی هەرێم هۆشداریی دەدات لە هاتنی شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین كە چەند رۆژێك دەخایەنێت و پلەكانی گەرماش نزیكەی 5 پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، پێشبینی دەكرێ درەنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە، هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی باران و بەفربارین، سەرەتا لەكاتەكانی دوای نیوەشەو تا پێش نیوەڕۆی شەممە بارانی پچڕپچڕ دەبێت لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم (سلێمانی و هەڵەبجە)و گەرمیان و كەركووك و ڕاپەڕین، لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكووریش تەنها كەمێك نمە باران دەبێت، پاشان كاریگەری شەپۆلەكە درێژ دەبێتەوە و سەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە، لە كاتەكانی پێش نیوەشەو تا پێش بەرەبەیانی یەكشەممە بۆ ماوەیەكی كورتخایەن شێوازی بارانبارین دەگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی سنوری دهۆك، بەردەڕەش، هەولێر و كۆیە و بەشێك لە سنوری ڕاپەڕین و ئیدارەی سۆران و ئاكرێ و ناوچە شاخاوییەكانی ڕۆژهەڵاتی دهۆك.
كەشناسیی پێشبینیشی كردووە لە سنووری ئیدارەی سۆران تێكەڵەی بارینی بەفر و باران دەبێت و لە ناچەكانی دیكەی هەرێمیش نمە باران و بارانی مام ناوەند دەبارێت، بەیانی ڕۆژی یەكەشەممە بارانبارین لەسەر پارێزگای هەولێر و دهۆك زۆر لاواز دەبێت و تەنها لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم (سلێمانی و هەڵەبجە ) و ناوچە شاخاوییەكان نمەباران دەبارێت.
ئاماژە بەوەشكراوە لە كاتەكانی شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە، كاریگەریی بارانبارین سەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە بە نمە باران و بارانی مام ناوەندی پچڕپچڕ و لەدوای نیوەڕۆوە دیسان كاریگەری لاواز دەبێت لەسەر هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بەڵام كاریگەرییەكەی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات (سلێمان و هەڵەبجە) و ناوچە شاخاوییەكان دەبێت.
بەهۆی هاتنی شەپۆلەكە، پلەكانی گەرما (3-5) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە بە بەراورد بە پلەكانی گەرمی ئەمڕۆ، هاوكات بەفر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییە سنورییەكان و هەندێك لەو ناوچانەی نزیكن لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكان، دەبارێت.