رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك
راچڵەكین -
پارێزگاری كەركوك بڕیاریدا هەموو ئەو توولەڕێ و رێڕەوە نایاساییانەی كە بۆ كاری قاچاخچییەتی بەكاردەهێنرێن، دابخرێت و راشیدەگەیەنێت: رێگە نادەین بەرژەوەندی هاووڵاتیان ببێتە قوربانی چاوچنۆكیی قاچاخچییەكان.
رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە 7-2-2026 بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، "لە سۆنگەی بەرپرسیارییەتی بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی هاووڵاتیان و رێگریكردن لە هاتنەژوورەوەی مەوادی ماوەبەسەرچوو و كاڵای بێ كوالێتی، ئیدارەی كەركوك هەموو توولەڕێ و ڕێڕەوە نایاساییەكان كە بۆ كاری قاچاخچێتی بەكاردەهێنرێن، دادەخات.
پارێزگاری كەركوك هۆشداریش دەداتە سەرجەم بازرگانان و قاچاخچییەكان لە گرتنەبەری ئەم ڕێگایانە یان بازرگانیكردن بەو ماددانەی كە زیان بە ئاسایشی خۆراك و دەرمان دەگەیەنن؛ توندترین سزای یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر بەبێ هیچ چاوپۆشییەك.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئیدارەی كەركوك روونیدەكاتەوە پاراستنی سەلامەتی كۆمەڵگە و دابینكردنی خۆراك و دەرمانی تەندروست لە پێشینەی كارەكانمانە، و ڕێگە نادەین بەرژەوەندی هاووڵاتیان ببێتە قوربانی چاوچنۆكیی قاچاخچییەكان.