راچڵەكین-
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، نووسراوەكەی كۆمپانیای (PVI) كاری پێناكرێت.
رۆژی یەكشەممە 8ی شوباتی 2026 هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك لەپارتی راگەیاند، بڕیارەكەی كۆمپانیای (PVI) كشێندراوەتەوەو كاری پێناكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، پێشتر كۆمپانیای (PVI) لەنووسراوێكدا بۆ ناوەندەكانی پشكنینی ساڵانەی توندو تۆڵی ئۆتۆمبێل لە هەولێرو دهۆك ئاماژەی بەوەكردبوو لە رۆژی 1ی ئاداری 2026 وە سزای دارایی ئەو شۆفێران دەدرێت كە پشكنینی ساڵانەی توندو تۆڵی ئۆتۆمبێلەكانیان بەسەرچووە.
وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە، هەر شۆفێرێك ساڵانەی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەكەی ساڵێكی بەسەردا تێپەڕبووبێت ئەوا جگە لەكرێی پشكنینی ئاسایی، رێژەی 50%ی كرێی ئەو ساڵەی دواكەتووە، لێی وەردەگیرێت.
هاوكات هەر شۆفێرێك پشكنینی ساڵانەی توندو تۆڵی ئۆتۆمبێلەكەی ساڵێك زیاتر بەسەرچووبێت، ئەوا جگە لەكرێی پشكنینی ئاسایی، 50%ی كرێی ساڵی یەكەمی دواكەوتن و 100%ی كرێی دواكەوتنی ساڵی دووەم بەدواوەی لێوەردەگیرێت.