راچڵەکین-
وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا رەتیدەکاتەوە نرخی کارەبا گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت.
وەزارەتی
کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی
بەوەکردووە: نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە رێگای یاسایی پەسەندکراوە.
دەقی
روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا:
هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکەینەوە نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە ڕێگای یاسایی پەسەندکراوە و لە وەقائعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، نرخەکانیش دیاریکراوە بۆ یەک مانگ حساب دەکرێت، هاوکات پێدانی كرێی کارەبا بە ڕێگای ئۆنلاین هەنگاوێکی شارستانی و پێشکەوتوو و شەفافە و ئاسانکاریشە بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا کرێی کارەباکەیان بدەن.
سەبارەت بەکرێی کارەباش لە مانگی یەک بەهۆی شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆرێک لە هاوبەشان بڕی کارەبای زیادیان بەکارهێناوە، بۆیە لە مانگی یەک کرێی کارەبا زیاتر بۆیان هاتۆتەوە، ئەگەر هەر گرفتێکیش بۆ هەر هاوبەشێک دروست بووبێت، ئەوا لە فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا، تیمی تایبەت چارەسەری گرفتەکە دەکەن. ئومێدەوارین هاوبەشانی کارەبا بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنن تاوەکو نەبێتە بارگرانی لەسەریان.