یەكێتی: 9-2-2004 بووە مێژوویەكی پرشنگدار

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 69

راچڵەكین-

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، رۆژی ٩-٢-٢٠٠٤ بووە مێژوویەكی پرشنگدار لە خەباتی بێوچانی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەلی كورد.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە یادی رۆژی "مورافەعە مەزنەكەدا " پەیامێكی بڵاوكردەوە.

وەك لەپەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە:"ئەمڕۆ (٩-٢)بە سەربەرزییەوە یادی ئەو رۆژە دەكەینەوە كەسەرۆك مام جەلال بە نەخشەو بەڵگەی مێژووییەوە كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماندەوە."
 
"لەو رۆژەی ساڵی ٢٠٠٤دا سەرۆك مام جەلال لەپاڵ هەڵگرتنی هەموو خەمە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانی گەلەكەیدا، خەمی دیاریكردنی چارەنوسی ئەو ناوچانە بوو كە بەر پەلامارەكانی تەعریب و ڕاگواستن كەوتبون، بۆ سەندنەوەی مافی خاوەنە رەسەنەكانی ئەو ناوچانە و دیاریكردنی سنووری هەرێمی كوردستان لە ناو عیراقیكی فیدراڵدا دەیویست بە بەڵگەی جوگرافی و مێژوویی مۆركێكی قانونیان پێ ببەخشێت."

مەكتەبی سیاسی یكێتی لەبەشێ:ی تری پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە:" ئەوەی سەرۆك مام جەلال لەو رۆژەدا ئەنجامیدا  بووە بەردی بناغەی مادەی 58 ی قانونی  ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش مادەی 140 ی دەستور كە تایبەت بوو بە نەخشەرێی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەی رژێمی شۆڤێنی بەعس بۆ شێواندنی دیموگرافیا لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی ناوەڕاست و باشوری عیراقیش گرتبویە بەر ."

"رۆژی ٩-٢-٢٠٠٤ بووە مێژوویەكی پرشنگدار لە خەباتی بێوچانی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەلەكەمان، كە بۆ چارەسەری گشت كێشەیەكی خاوەندارێتی  خاك و مافەكانی گەلی كورد، هەمیشە بژاردەی گفتوگۆ و پێسەلماندنی دروستی دوور لەشەڕ،  پەنا بردنە بۆ زمانی لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ و پشت بەستنە بە سەرچاوە و بەڵگە نامە مێژوییەكان ."

"یادی سەرۆك مام جەلال بەرز و درەوشاوەبێت و خەباتی سەربەرزی گەلەكەشمان بۆ مافە دەستورییەكانی بە پێی نەخشەرێی مادەی ١٤٠ی دەستوور تا سەركەوتنی یەكجاری درێژەی دەبێت." وەك لە كۆتایی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتووە.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن