نوری مالیكی هەڵوێستی بەرامبەر ئەمریكا ئاشكرا دەكات

عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 226

راچڵەكین -

نوری مالیكی هەڵوێستی بەرامبەر ئیدارەی ئەمریكا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ئامادەین بەرگریی لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن بكەین.

ئەمڕۆ دووشەممە 9-2-2026، نوری مالیكی، كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لەگەڵ ڤیكتۆریا تایلۆر، یاریدەدەری پێشووی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە.

نوسینگەی تایبەتی مالیكی بڵاویكردەوە، لە دیدارێكدا سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە كردەوە كە عیراق و ئەمریكا پەیوەندییەكی بەتین بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە و هەردوو وڵاتیش رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجییان واژۆكردووە، كە ئامانج لێی بەهێزكردنی هاوكاریی هاوبەش و پاڵپشتیكردنی تواناكانی عیراقە لەسەرجەم بوارەكاندا.

مالیكی وتیشی:" عیراق لەچوارچێوەی گرتنەبەری سیاسەتێكی هاوسەنگ لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە، ئامادەیە بەرگریی لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بكات، پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانیش لەڕێگەی بەردەوامیدان بە هاوبەشییە ئابوورییەكان دەبێت بۆ دەستەبەكردنی بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست".

لەبارەی هەنگاوەكانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، كە چوارچێوەی هەماهەنگی وەك خاوەنی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان، مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید كردووە، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا روونیكردەوە، گفتوگۆكانی نێوان لایەن و هێزە نیشتمانییەكان لەپێناو تەواوكردنی شایستە دەستورییەكانە كە پەیوەندیدارە بە قۆناغی داهاتوو بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە توانای دابینكردنی پێداویستییەكانی گەلی عیراقی هەبێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن