وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 149

راچڵەكین -

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی مانگی كانوونی دووەم راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان دەزانین.

وەزارەتەكە لەو راگەیەندراوەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، بەبیر هەموو ئەو كەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە كە بەشێوەی ناڕەوا هێرش دەكەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لە پێناو سەلماندنی ڕاستییەكان.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

سەبارەت بەمووچەی مانگی كانوونی دووەم و دوای گەیشتنی تەمویلەكە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە كەموكوڕیەوە ، لێرە و لەوێ چەندین لێكدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم كراوە، بە پێویستمان زانی وەك وەڵامێك بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم ڕاستییانەی خوارەوە بكەینەوە.

١- بۆ ئەوانەی كە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بوودجەی ( ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ ) مووچەی هەرێمی كوردستان تێكڕا لەبەغداوە خەرج كراوە، واتە هەر كەموكوڕییەك لەمووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لەو سێ ساڵە ڕویدا بێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.

٢- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ وەك وەزارەتی دارایی یەكەم لایەن بووین كە ڕامانگەیاند كە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٣٦ ) ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە كە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێكی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و كەمئەندامی سەنگەر، ( بۆ نموونە خانەنشین هەیە ١٢ مووچەی وەرنەگرتووە بەڵام تەنها یەك مووچەی بۆ هاتووە، كەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەكێكیان مووچەی مانگی ١٠ ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەكی ئەمسال بەڵام تەنها یەك مووچەیان بۆ هاتووە).

٣- بەپێی نووسراوی ژمارە(  ٣٦٦ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/١/٢٧ ) داوای خەرجكردنی بڕی ( ٢٨١،١٢٥،٤٧١،٢١٦ ) دووسەد و هەشتا و یەك ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوارسەد و حەفتا و یەك هەزار و دووسەد و شازدە دینارمان بۆ مووچەی مانگی كانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرج كردووە، كە بڕی ٣٦ ملیارەكەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕی ( ٢٤٤،٧٦٤،٦٠٦،٣٥٧ ) دوو سەدو چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش هەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت دیناری وەك تەمویلی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.

٤- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێكەوتی ( ١٢ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) نووسراوی دووەممان بە ژمارە ( ١١٦٤/٤/٧ ) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كردووە و داوای خەرجكردنی بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٨٥٩ ) دینارمان كردووە وەك تەواوكاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی كانوونی دووەم.

٥- بەبیر هەموو ئەو كەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە كە بەشێوەی ناڕەوا هێرش دەكەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لە پێناو سەلماندنی ڕاستییەكان.

لە كۆتاییشدا بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنین ئەو لایەنەی داكۆكی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە لە بەغدا و هەموو مەحفەلەكانی تردا بەشانازیەوە تەنها حكومەتی هەرێم و  وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەكی و بنچینەیی بوون پێش هەموو كەس و لایەنەكانی تر.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٢ ی شوباتی ٢٠٢٦

هاوپێچ
١- نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ژمارە ( ٣٦٦ ) لە (٢٠٢٦/١/٢٧ ) تایبەت بە خەرجكردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.
٢-نووسراوی ژمارە ( ٣٣٢٣ ) فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ تایبەت بەخەرجكردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.
٣- نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ژمارە ( ١١٦٤/٤/٧ ) لە بەرواری ( ٢٠٢٦/٢/١٢ ) بۆ خەرجكردنی تەواوكاری مووچەی مانگی كانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن