راچڵەكین -
پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێك لە بەرژەوەندی رۆژئاوای كوردستان پەسەند دەكات و هاوكارییە داراییەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ ئاوەدانكردنەوەی سووریا، مەرجدار دەكات بە پاراستنی مافی مرۆڤ و كەمینەكان لەو وڵاتە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-2-2026، پەرلەمان ئەوروپا لە كۆبوونەوەی گشتی خۆیدا بڕیارێكی لەبارەی سووریا پەسەندكرد و تێیدا ئیدانەی ئەو توندوتیژییانەیان كرد كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی كاتیی سووریا لەدژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە باكوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئەنجامیانداوە، جگە لە تێكچوونی دۆخی مرۆیی و ئەمنی، داواشیانكرد ئاگربەستێكی هەمیشەیی جێگیر بكرێت و پاڵپشتی لە گواستنەوەی سیاسی بكرێت.
پەرلەمانی ئەوروپا جگە لە نیگەرانیی دەربڕین بەرامبەر هێرشە سەربازییەكانی ئەم دواییەی حكومەتی دیمەشق و گروپە میلیشیاكان بۆسەر باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا، كە ئاوارەبوونی زیاتر لە 145 هەزار كەسی لێكەوتووەتەوە، داواشی كردووە لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی خێرا بكرێت لە تاوانەكانی كوشتن و رفاندن، كە دژ بە دانیشتووانی ناوچەكە ئەنجامدراون.
لە بڕیارەكەدا ستایشی خەبات و تێكۆشانی هێزە كوردییەكان كراوە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، جەختیش كراوەتە لەسەر پێویستی داننان بە مافە سیاسی و كولتوورییەكانی گەلی كورد و پاراستنی ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان.
پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارەكەیدا هەر جۆرە هاوكارییەكی دارایی یەكێتی ئەوروپای بۆ ئاوەدانكردنەوەی سووریا، مەرجدار كردووە بە پاراستنی مافەكان مرۆڤ و مافی كەمینەكان لەو وڵاتە.