راچڵەكین -
بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی، روونكردنەوەیەك لەبارەی نرخی كارەبا بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: 93%ی هاوبەشانی كارەبا بڕی ئەو پارەیەی بۆ مانگی یەك بۆیان هاتووەتەوە، لەنێوان هەزار بۆ 100 هەزار دینارە.
لەو روونكردنەوەیەدا كە ئەمڕۆ هەینی 13-2-2026 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانییەوە بۆ دانیشتوانی ناو شاری سلئمانی و دەوربەری و قەزاكانی چوارتا و ماوەت و قەرەداغ و ناحییەی عەربەت و دەوربەری بڵاوكراوەتەو، تێیدا هاتووە: بەپێی ئامارەكانی كاروباری فرۆشتنی وزە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) كە ( ٣٦٢.٧٤٥ ) هاوبەشی كارەبایان لە پۆلەكانی ماڵان و بازرگانی و میری و پیشەسازی و كشتوكاڵ هەیە، بڕی خەرجی كارەبایان بۆ مانگی (یەك) كانوونی دووەم لە ماوەی نێوان (٢٠/١٢/٢٠٢٥ بۆ ٢٠/١/٢٢٦ ) بڕی ئەو پارەیەی كە بۆ هاوڵاتییان چووە، 93%ی كۆی هاوبەشەكان لە نێوان هەزار بۆ 100 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە، بەو شێوەیەی كە لە خشتەكەدا روونكراوەتەوە.
بەگوێرەی خشتەكە، هەندێك هاوبەش بڕی پارەی زۆری بۆهاتووە، كە لە سەروو ملیۆن دینار بۆ ملیار دینارە، ئەو شوێنانە كارگە گەورەكانی ئاسن و چیمەنتۆ و پیشەسازیی و بازرگانی و مۆڵە گەورەكانن.
بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی داوای لە هاووڵاتیان كردووە بۆ هەر پرسیار و تێبینی و روونكردنەوەیەك، دەتوانن سبەینێ شەممە 14-2-2026، سەردانی بەرێوبەرایەتی دابەشكردنی سلێمانی/ رۆژهەڵات لە گەڕەكی قاڵاوا بكەن بۆ پێدانی روونكردنەوەی پێویست، هەروەها خۆتۆماركردن لە سیستمی (KYC) بۆ ئەوەی لەڕێگای مۆبایلەوە بڕی پارەی بەكارهاتووی بۆ بێتەوە.