راچڵەكین -
هۆزە عەرەبەكانی حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان، ناڕەزایی بەرامبەر رێككەوتنەكەی نێوان هەسەدە و حكومەتی سووریا دەردەبڕن و هەڕەشەی پەلاماردانی هێزەكانی سووریا دەكەن ئەگەر لە ناوچەكانیان بكشێنەوە.
دوای ئەوەی لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و حكومەتی سووریا، ئەركی پاراستنی هەردوو شارۆچكەی تەل براك و تەل حەمیس لە سنووری پارێزگای حەسەكە بە هێزەكانی ئاسایشی ئیدارەی خۆسەر سپێردرا، هۆزە عەرەبەكانی ئەو ناوچانە هەڕەشەیان كرد ئەگەر هێزەكانی حكومەتی سووریا بكشێنەوە، لە پشتەوە تەقەیان لێدەكەن.
بەگوێرەی ڤرتەیەكی ڤیدیۆیی كە روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە، ژمارەیەك لە چەكدارانی هۆزە عەرەبەكانی شارۆچكەی تل حەمیس، لەبەردەم بارەگایەكی سووریا كۆبوونەتەوەو ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر گەڕانەوەی هێزەكانی ئاسایش بۆ ناوچەكەیان دەردەبڕن، یەكێك لە عەرەبەكان رایگەیاندووە، ئەگەر هێزەكانی حكومەت بكشێنەوە، چەكدارانی هۆزەكان لە پشتەوە تەقەیان لێدەكەن.
رێككەوتنەكەی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكومەتی كاتیی سووریا كە تائێستا بەشێكی لێ جێبەجێكراوە، ئەمڕۆ هەینی 13-2-2026، بڕگەیەكی دیكەی خرایە بواری جێبەجێكردن، كە بریتییە لە كشانەوەی هێزەكانی هەسەدە و حكومەتی سووریا لە هەردوو ناوچەی تەل براك و تەل حەمیس، هێ.ەكانی ئاسایشی ئیدارەی خۆسەر شوێنەكانیان دەگرنەوە و ئەركی پاراستنی ئاسایشی ئەو دوو شارۆچكەیەیان دەكەوێتە ئەستۆ.