راچڵەكین -
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، 100 كورسی خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بۆ پێشكەشكارانی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت و پڕۆسەی پێشكەشكردنیش لە ڕێكەوتی (3/ 5/ 2026) دەستپێدەكات تاكو رێكەوتی (11/ 6/ 2026) بەردەوام دەبێت.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چواچێوەی هەماهەنگی بەردەوامی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی دووەم (100) كورسی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا لە ژمارەیەك لە زانكۆكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق (بە شێوازی خۆرایی) بۆ پێشكەشكارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) دابیندەكات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگاداری گشت پێشكەشكارانی دانەمەزراو و فەرمانبەری دامەزراو بە شێوەی هەمیشەیی لەسەر میلاكی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە كە پڕۆسەی پێشكەشكردن لە ڕێكەوتی (3/ 5/ 2026) دەستپێدەكات تاكو رێكەوتی (11/ 6/ 2026) بەردەوام دەبێت، بۆ زانیاری دەربارەی مەرجەكانی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی عێراق سەردانی ئەم بەستەرە بكەن.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پڕۆسەی پێشكەشكردن (بەشێوەی پێشكەشكردنی دۆسیەی راستەوخۆ) لە زانكۆكانی هاوپێچدا دەبێت و بەپێی نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی فیدراڵ، لە كاتی دەرچون لە تاقیكردنەوەكە پێشكەشكاران بە تەنها لە نێوان خۆیان پێشبركێ دەكەن لەسەر كورسییە تەرخانكراوەكانیان.
سەبارەت بە پێدانی نوسراوی لاری نەبوون، راستەوخۆ لەلایەن دامەزراوەكان بەفەرمانبەرانی دامەزراو بۆ پێشكەشكردن لە (خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا) لە زانكۆكانی هاتووی خشتەكە بەچەند مەرجێك لاری نەبوون دەدرێت، لەوانە پێویستە خوازیار گشت مەرجەكانی پێدانی مۆڵەتی خوێندن و پێشكەشكردنی تێدا هەبێت، بەپێی پەیرەوی ژمارە (11) ی ساڵی 2021 و ڕێنمایی ژمارە (5) ی ساڵی (2021) مۆڵەتی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، هەروەها خوازیار بەڵێننامە لە بەڕێوەبەرایەتی یاسایی دامەزراوەكەی پڕ دەكاتەوە كە داوای گواستنەوەو میوانداری بۆ زانكۆكانی هەرێم ناكات.