راچڵەكین-
بنكەی پۆلیسی سەید سادق-ی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی، دەستگیركردنی باوكێكی بەتۆمەتی مامەڵەی " نەشیاوو نامرۆڤانە" لەگەڵ كچە خاوەن پێداویستییە تایبەتە 26 ساڵییەكەی، راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی شوباتی 2026 بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردەوە، لەڕێی سەرچاوەیەكەوە زانیاری گەیشتە بنكەی پۆلیسی سەیدسادق لەبارەی كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەت كە ناتوانێت لەسەر قاچەكانی بڕوات و تەمەن ٢٦ ساڵە، لەهەورەبانی ماڵی باوكیدا ژیان بەسەر دەبات، كە بەوتەی خۆی ماوەی ساڵێك زیاترە دوور لەهەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی و لەشوێنێكدا كە هیچ پێوەرێكی ژیان كردنی تێدا نەبووە وە شوێنەكە زۆر پیس و پۆخڵ بوە هەتا بەم وەرزی زستانە هیچ ئامێرێكی خۆگەرمكردنەوەشی تێدا نەبووە.
"پاش ئەوەی دادوەری لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە ئاگاداركرا بڕیاری پێویست وەرگیرا، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادق هەستان بەڕزگاركردنی كچەكە و دەستگیركردنی باوكیی بەناوی (س، غ، أ) لەدایكبووی 1977." وەك لەراگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە.
لەئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە رێكخراوەو تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بەپێی ماددەی (7) لەیاسای بەرەنگاربونەوەی خێزان لەتوندوتیژی راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
هەروەها لەژێر چاودێری وردی پۆلیسدا و بەبڕیاری دادوەر، كچەكە بە بەڵێننامەیەك دراوەتە دەست خزمێكی تا كاتی یەكلایی بونەوەی دۆسێكەی.
پۆلیسی سلێمانی داوای لەهاولاتیاین سلێمانی و دەوروبەری كردووە هاوكاریانبن و لەكاتی بەدیكردنی هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا بەتایبەت ئەم جۆرە حاڵەتانە، پەیوەندی بكەن بە هێزەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانەوە:
- پۆلیسی فریاكەوتن ژمارە 104
- نەهێشتی تاوان ژمارە 105
- ئێشكگری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی 0533194011
- سەنتەری ڕێكخەری پەیوەندییەكان ژمارە 100