وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
حكومەتی ئیسرائیل لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاگربەست لە غەززە، ژمارەیەك زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی ئازاد كرد و لەڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە گەیەندرانە كەرتی غەززە.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 18-2-2026، حكومەتی ئەو وڵاتە 13 زیندانیكراوی دیكەی فەلەستینی ئازادكرد كە لەكاتی هێرشەكان بۆسەر كەرتی غەززە دەستگیركرابوون، سەرجەمیان لەڕێگەی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە رەوانەی شاری دێرلبەلەح لە ناوەڕاستی كەرتی غەززە كران.
لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە، تائێستا ئیسرائیل نزیكەی دوو هەزار زیندانیكراوی فەلەستینی ئازاد كردووە، ئەمەش لەچوارچێوەی پابەندبوونی حكومەتی تەلئەڤیڤ دێت بە بڕگەكانی رێككەوتی ئاگربەست لە كەرتی غەززە.
بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی كە بەشێكیان ژن و منداڵن و بە تاوانی جیاجیا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیركراون، لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە لە دۆخێكی ناهەمواری مرۆییدان.