راچڵەكین -
لەئەنجامی شەڕو پێكدادانی چەكداری لەنێوان دوو هۆزی عەرەبی لە سووریا، ژمارەیەك چەكدار لەهەردوولا كوژران و بریندار بوون.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-2-2026، شەڕ و پێكدادانی سەخت لەنێوان چەكدارانی دوو هۆزی عەرەبی نیشتەجێی دەوروبەری شارۆچكەی تەل كۆچەر لە گوندەوارەكانی پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كورستان روویدا و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، لانی كەم دوو چەكدار كوژران و پێنج كەسی دیكە لەهەردوولا بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەكان، شەڕەكە بەهۆی بیرە نەوتێك روویداوە، كە هەردوو هێزەكە خۆیان بە خاوەنی ئەو بیرە نەوتە دەزانن رێگەش نادەن حكومەتی سووریا نەوتەكە دەربهێنێت.
لەچەند رۆژی رابردووشدا لە سنووری پارێزگای دێرەزوور، ناكۆكیی لەنێوان دوو هۆزی عەرەبی لەسەر بیرە نەوتێك دروستبوو، بەهۆیەوە شەڕ و پێكدادانی قورس لەنێوانیان روویدا و چەند چەكدارێك كوژران و بریندار بوون.
لەدوای كشانەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە سنووری پارێزگای دێرەزوور و ناوچەكانی باشووری حەسەكە، كە چەندین بیر و كێڵگەی نەوتی لێیە، هۆزە عەرەبەكانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە هەوڵی دەستەبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكان دەدەن و بەو هۆیەوە چەندین جار شەڕو وپێكدادان لەنێوان ئەو هۆزانە و گروپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی سووریا روویداوە.