هێزی نێودەوڵەتيی رەوانەی كەرتی غەززە دەكرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 72

راچڵەكین -

چەند وڵاتێكی عەرەبی و جیهانی ئامادەییان نیشانداوە لەچوارچێوەی پلانەكانی تایبەت بە سەقامگیری لە كەرتی غەززە، هێزی سەربازی رەوانەی ناوچەكە بكەن.

جاسپر جیفرز، فەرماندەی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتيی فرەنەتەوە لە غەززە، رایگەیاند: هەریەك لە وڵاتانی ئیندۆنیزیا، مەغریب، ئەلبانیا و كازاخستان، بەڵێنیانداوە هێزی سەربازی رەوانەی كەرتی غەززە بكەن، بۆئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی سەقامگیریكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە و هاوكاریكردنی لیژنەی تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە.

ئەو فەرماندە سەربازییە ئاماژەی بەوەكرد كە ئەگەری هەیە چەند وڵاتێكی دیكەش رەزامەندی لەسەر ناردنی هێزی سەربازی بۆ كەرتی غەززە بدەن بەئامانجی پەلەكردن لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و پاشان دەستكردن بە ئاوەدانكردنەوەی وێرانكارییەكانی جەنگ.

رەوانەكردنی هێزی نێودەوڵەتی بۆ كەرتی غەززە، یەكێكە لە پلانەكانی ئەنجومەنی ئاشتی كە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا پێكهێنراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە و كردنی بە ناوچەیەكی داماڵدراو لە چەك، پلانەكەش بریتییە لە بڵاوكردنەوەی 20 هەزار سەرباز، لەپاڵ 12 هەزار كارمەندی پۆلیسی فەلەستینی، كە مەشق و راهێنانی تایبەتیان پێكراوە بۆئەوەی ئەمنییەتی كەرتی غەززە بپارێزن.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-2-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەمیانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاشتی تایبەت بە كەرتی غەززە، رایگەیاند: ئەمریكا بڕیاریداوە بڕی 10 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەزە تەرخان بكات، هاوكات 9 وڵاتی عەرەبی و جیهانییش بەڵێنیانداوە بڕی حەوت ملیار دۆلار بۆ هەمان مەبەست تەرخان بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن