هەڕەشەی بڕینی كارەبا لەسەر ئۆكراینا دەكرێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 88

راچڵەكین -

بڕیارێكی ئۆكراینا بە راگرتنی هەناردەی نەوتی رووسیا لەڕێی بۆریی درۆگبا بۆ هەندێ وڵاتی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، كاردانەوەی توندی سلۆڤاكیای لێدەكەوێتەوەو سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر كیێڤ بەردەوام بێت لەسەر ئەو بڕیارەی، ئێمەش كارەبا لەسەر ئۆكراینا دەبڕین.

رۆبێرت فیتسۆ، سەرۆكوەزیرانی سلۆڤاكیا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەگەر تا رۆژی دووشەممە هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ وڵاتەكەمان لەڕێی بۆری نەوتی درۆگبا دەستپێنەكاتەوە، ئێمەش لە رۆژی 23ی ئەم مانگەوە گواستنەوەی تەزووی كارەبا بۆ ئەو وڵاتە رادەگرین.

هێڵی بۆریی نەوتی درۆگبا، كە تایبەتە بە گواستنەوەی نەوتی خاوی رووسیا بۆ چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەخاكی ئۆكراینادا تێپەڕدەبێت، لەسەرەتای ئەم مانگەدا حكومەتی ئۆكراینا بۆرییەكەی داخست و بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە 21-2-2026 دووبارە هەناردەی نەوتی رووسیا لەڕێی ئەم بۆرییەوە بۆ سلۆڤاكیا دەستپێبكاتەوە، بەڵام تائێستا دۆخەكە وەك خۆی ماوەتەوە، بەو هۆیەشەوە حكومەتی سلۆڤاكیا باری نائاسایی وزەی راگەیاند و ئاشكرایكرد كە ئەگەری هەیە دووچاری قەیرانێكی سەخت ببنەوە.

سەرۆكوەزیرانی سلۆڤاكیا جەختی لەوەكردەوە ئەم كارەی ئۆكراینا دژایەتییەكی ئاشكرایە و ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە ئابووری وڵاتەكەی، وتی:" ئەگەر دەسەڵاتدارانی تا دوو رۆژی تر هێڵی بۆری درۆگبا بەڕووی گواستنەوەی نەوتی خاوی رووسیا نەكەنەوە، ئێمەش ناچار دەبین گواستنەوەی وزەی كارەبا بۆ ئەو وڵاتە رابگرین". 

ئۆكراینا كە بەهۆی بۆردومانكردنی زۆرێك لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای لەلایەن سوپای رووسیاوە، دووچاری قەیرانێكی گەورەی كارەبا بووەتەوە، بەناچاری تەزووی كارەبا لە سلۆڤاكیا دەكڕێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن