راچڵەكین -
سوپای ئەمریكا بەشێك لە هێزەكانی لە بنكەیەكی سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان دەكشێنێتەوەو چەكە قورسەكانیشی بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە 21-2-2026، سوپای ئەمریكا بەشێك لە هێزەكانی لە بنكەی سەربازیی قەسرەك لە باكووری رۆژهەڵاتی حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان كشاندەوە، بۆئەو مەبەستەش نزیكەی 100 بارهەڵگر لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بنكە سەربازییەكە كران بەمەبەستی گواستنەوەی كەلوپەل و ئامێر و چەك قورسەكانی ناو بنكەكە و گواستنەوەی بۆ هەرێمی كوردستان.
تائێستاش سوپای ئەمریكا هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی كشاندنەوەی هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان نەداوە و نازانرێت بڕیاری كشاندنەوەی تەواوەتیی هێزەكانیان دراوە، یاخود بەشێك لەو هێزانە لە رۆژئاوای كوردستان دەمێننەوە.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، سوپای ئەمریكا بەشێوەیەكی بەردەوام هێز و چەك و تەقەمەنیی رەوانەی بنكە سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان دەكرد و لەو ماوەیەشدا هێزەكانیان بە بەردەوامیی مەشق و راهێنان و ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئەنجام دەدا.