راچڵەكین-
سەرۆكی هاوپەیمانی ئاوەدانی و گەشەپێدان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كەلەلایەن محەممەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكرێت، دەڵێت، لەئێستادا دۆخەكە وا دەخوازێت هەڵسەنگاندنەوە بە ئامراز و میكانیزمەكانی گەیشتن بە ئامانجی كۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی سیاسی بكرێت، دوور لە لایەنداری و بەرژەوەندی كەسی.
بەها ئەعرەجی، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیوویەتی، ئامانجی محەممەد شیاع سودانی لە پشتیوانیكردنی كاندیدبوونی نوری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەركۆوەزیرانی داهاتوو، خۆی لە هەنگاو نان بۆ كۆتایی هێنان بەچەقبەستوویی سیاسی و، بەردەوام بوون بەئاڕاستەی یەكلاكردنەوەی شایستەكان بوو، ئەوەش وەك پابەندییەك بەرامبەر ئەو بەڵێنەی بە لایەنگرانی دابووی.
ئەعرەجی، دەڵێت، هەنگاوەكەی سودانی بۆ ئەوە بوو كە ببێتە بەشێك لە هاوكێشەی چارەسەری نەك لایەنێك بێت لە قەیران و هەوڵێك بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەتوانا كە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی ئاوەدانی و گەشەپێدان ئەوەی ڕوونكردووەتەوە، لەئێستادا ئەو ئاڕاستەیە لەلایەن بەشێك لە هێزە سیاسیە پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هەندێك لەهێزە سیاسییەكانی تر ڕەتكراوەتەوە، هەروەك لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی رێگری لێدەكرێـتن ئەوەش پێویستی هەڵسەنگاندنەوە بە ئامراز و میكانیزمەكانی گەیشتن بە ئامانجی كۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی سیاسی كردووە بەكارێكی پێویست ، دوور لە لایەنداری و بەرژەوەندی كەسی.