راچڵەكین-
كەسێكی چەكدار كە بەنیازبووە هەڵبكوتێتە سەر ماڵی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا لە ویلایەتی فلۆریدا، لەلایەن پاسەوانەكانی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریكا، تەقەی لێكراوەو كوژراوە.
دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریكا كە ئەركی پاراستنی سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لەئەستۆیە لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاتژمێر 1:30ی بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە بەكاتی ئەمریكا، كەسێكی چەكدار كەلە بیستەكانی تەمەنیدا بووە ( چەكێكی جۆری تاپڕ و دەبەیەك نەوتی پێبووە) هەوڵێداوە بچێتە ناو ماڵەكەی ترەمپ لە كۆمەڵگەی مارالاگۆی.
ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، كەسە چەكدارەكە، دوای ئەوەی بەنایاسایی بەربەستە ئەمنییەكانی كۆمەڵگەكەی بەزاندووە، لەگەڵ پاسەوانەكانی دەزگای پاراستنی نهێنی و نووسینگەی پۆلیسی (پام بیچ) ڕووبەڕوو بووەتەوەو لەئاكامدا كوژراوە.
دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ئەمریكا دەڵێت، لەكاتی ڕووداوەكەدا ترەمپ و ئەندامانی خێزانەكەی لەوێ نەبوون و هیچ زیانێكی گیانیش لەڕیزی پاسەوانەكاندا تۆمار نەكراوە.
لە ئێستادا دەزگای هەواڵگری ئەمریكا FBI لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردووە بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی چەكدارەكەو پاڵنەرەكانی پشت ئەو كارەی.