راچڵەكین -
ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی ئەو پێنج تۆمەتبارە رادەگەیەنێت، كە ساڵی 2024 لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، هاووڵاتییەكی كوردی رۆژئاوای كوردستانیان كوشتبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، كە ئەمرۆ یەكشەممە 22-2-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی لە ڕێكەوتی 22-10-2024، لە گەڕەكی مامزاوەی شاری هەولێر، هاووڵاتییەكی كوردی رۆژئاوای كوردستان بەناوی (محەمەد عەلی رەمۆ) كوژرا، هەر ئەوكات لەلایەن تیمەكانی ئاسایشەوە دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون كرا و بەڵگەی تاوانەكان كۆكرانەوە و ناسنامەی تۆمەتبارەكان ئاشكرا كران بە ناوەكانی ( م ، ع ، ع ) و ( أ ، ع ، ع ) و (ی ، ع ، ع ) و كە دەبنە ماڵی خەزورانی تاوانلێكراو، هەروەها تۆمەتباران ( ر ، ع ، ر) و (ع ، ح ، ع) دەبنە برا و برازای تاوانلێكراو.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرجەم تۆمەتبارەكان دەرچوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوكات بەردەست نەبوون، بۆیە لە رێكەوتی 7-2-2026، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركران.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، رووداوەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بووە، تۆمەتبارەكان بەشێوەیەكی پلان بۆداڕێژراو تاوانەكەان ئەنجامدابوو.